راپۆرتی سیاسیی کۆمیته‌ی ساخکه‌ره‌وه‌ی سپای رزگاریی کوردستان بۆ
کۆنفرانسی یه‌که‌م
به ناوی خوای به‌خشنده و میهره‌بان
خوشك و برایانی به‌رێز
پێشمه‌رگه دێرینه‌کانی سپای رزگاریی کوردستان
ئه‌ندامانی کۆنفرانسی یه‌که‌می سپای رزگاریی کوردستان
له لایان کۆمیته‌ی ساخکه‌ره‌وه‌ی سپای رزگاریی کوردستانه‌وه،
پڕ به دڵ به‌خێرهاتنتان ئه‌که‌م بۆ کۆنفرانسی یه‌که‌می سپای
رزگاریی کوردستان.
ئه‌م کۆنفرانسه بۆ ئێمه گرینگه‌یه‌کی مێژویی هه‌یه، نه‌ك
ته‌نیا له به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ك هه‌ر حیزب و رێکخراوێك، کۆنفرانس و
کۆنگره‌کانی به لاوه گرینگ بێت، به‌ڵکوو له به‌رئه‌وه‌ی
رزگارییه‌کان به‌م کۆنفرانسه جارێکی تر ژیانیان بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه
و پاش 20 ساڵ بێده‌نگی و نه‌مان، هه‌ڵئه‌ستنه‌وه سه‌رپا و
ئه‌بووژێنه‌وه.
وه‌ك ئه‌زانن 29 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌و که‌ش و هه‌وا سیاسیه که
له ئێران و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێکهات، سپای رزگاریی کوردستان
هاته دامه‌زران. رزگاریی به ماوه‌یه‌کی که‌م پاش دامه‌زرانی
بووه هێزێکی جه‌ماوه‌ریی و بێجگه له‌و 6 ــ 5 هه‌زار پێشمه‌رگه
گیان له سه‌رده‌سته، ده‌یان هه‌زار جه‌ماوه‌ری له ده‌ور
کۆبووه‌وه. سپای رزگاریی کوردستان له کاتێکا گه‌شه‌ی ئه‌کرد و
په‌ره‌ی ئه‌ساند که له‌لایه‌ك به‌ر‌به‌ره‌کانێ له‌گه‌ڵ دوژمنێکی
دڕنده و قین له دڵی وه‌ك کۆماری ئیسلامی ئه‌کرد و له‌لایه‌کی
تره‌وه، ئه بوو له به‌رامبه‌ر گیروگرفت و گێچه‌ڵه‌کانی ناو خودی
بزوتنه‌وه‌ی کورد دا بوه‌ستێ.
به‌ڵام به داخه‌وه له کاتێکا، سپای رزگاریی کوردستان ئه‌یتوانی
زیاتر گه‌شه بکات و ده‌سکه‌وته‌کانی کار و تێکۆشانی خۆی بپارێزێ،
پاش 9 ساڵ له مه‌یدانی خه‌باتدا نه‌ماو پێشمه‌ڕگه گیان له‌سه‌ر
ده‌سته‌کانی به خۆیان و ماڵ و مناڵیانه‌وه تووشی ئاواره‌یی و
ده‌ربه‌ده‌ریی له راده‌به‌ده‌ر ناخۆش و سه‌خت هاتن.
سپای رزگاری کوردستان له ماوه‌ی ئه‌و 9 ساڵه‌دا که له خه‌بات
و تێکۆشان‌دا بوو، نه‌خشێکی گه‌وره‌ی هه‌بوو له لێدانی هێزه‌کانی
کۆماری ئیسلامی و زه‌بری گه‌وره‌ی تێ ئه‌سره‌واندن. ئازایه‌تی و
فیداکاری و باوه‌ڕی رزگارییه‌کان به جۆرێ بوو که بڕێک جار شه‌ڕی
نێوان سپای رزگاریی کوردستان و هێزه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئه‌بووه
شه‌ڕی جه‌بهه‌یی.
له‌ماوه‌ی ئه‌و 9 ساڵ خه‌باته‌دا و له جه‌ریانی شه‌ڕ و
پێکادانه‌کانی نێوان سپای رزگاریی کوردستان و ئه‌رته‌ش و جاش و
پاسداره‌کانی کۆماری ئیسلامی‌دا 700 پێشمه‌رگه‌ی رزگاریی شه‌هید
بوون و گیانیان له رێگای رزگاری کوردستان و پاراستنی شه‌ره‌ف و
که‌رامه‌تی کورد به‌خت کرد. لێره له‌م کۆنفرانسه‌وه، هه‌زاران
سڵاو ئه‌نێرین بۆ گیانی پاکی ئه‌و شه‌هیدانه، رۆحیان شاد بێت و
گۆڕیان پڕ نوور بێت.
شه‌هید بوونی ئه‌م ژماره زۆره له پێشمه‌رگه‌کانی سپای رزگاریی
کوردستان هه‌رچه‌نده خه‌ساره‌تێکی گه‌وره بوو بۆ گه‌لی کورد و بۆ
سپای رزگاریی، به‌ڵام له عه‌ینی کاتا، قوربانی پاراستنی کورد و
کورستان له ده‌سدرێژی بێگانه و سه‌ر‌مایه یه‌کی به نرخن بۆ
هه‌ستانه‌وه‌ی سه‌ر له نوێی سپای رزگاریی کوردستان.
ئه‌مرۆ رۆحی شه‌هیده‌کانمان ئاسوده‌یه که ئه‌بینن، جارێکی تر
هاوسه‌نگه‌ره‌کانیان رێگاکه‌ی ئه‌وان ئه‌گرنه‌وه به‌ر و کۆتایی
به سه‌رده‌می فه‌رامۆشکردنی یاد و ناو و رێگا و ئامانجی ئه‌وان
دێنن. ئه‌وان هه‌رگیز ئێمه‌یان نه‌ئه‌به‌خشی که بۆ هه‌میشه
فه‌رامۆش کرایه‌ن. ئه‌وان هه‌رگیز گه‌ردنی ئێمه‌یان ئازاد
نه‌ئه‌کرد که خوێن و ره‌نجی خۆیان به فیرۆ بزانیایه‌ت و دایك و
باوك و ژن و مناڵیان، بێ یار و پشتیوان بوایه‌ن.
به‌ڵێ، پاش وێسانی تێکۆشانی سپای رزگاریی کوردستان و سڕانه‌وه‌ی
له مه‌یدانی خه‌بات دا، خه‌باتکارانی رزگاری تووشی نه‌یامه‌تی
گه‌وره‌هاتن. بێجگه له‌وه‌ی که هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ی ئازای ناچار
بوون رێگای هات و نه‌هات بگرنه به‌ر و بگه‌رێنه‌وه سه‌ر ژیانی
ئاسایی خۆیان که ئه‌ویش قه‌ت ژیانیان بۆ ئاسایی نه‌بووه، سه‌دان
پێشمه‌رگه و فه‌رمانده‌ی سپای رزگاریی کوردستان، به ماڵ و
مناڵیانه‌وه، به‌رپیلانی حکومه‌تی به‌عسیی عێراق که‌وتن و به‌ره
و که‌مپی " ئه‌لتاش"ی پارێزگای رومادی راگوێزران. ئه‌مه بێجگه
له کیمیابارانی بنکه و مقه‌ره‌کانی سپای رزگاریی که ده‌یان
رزگاریی تیا شه‌هید بوون.
له‌و ساڵه دوور و درێژ و سه‌ختانه‌دا که پێشمه‌رگه و
فه‌رمانده‌کانی رزگاریی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه و که‌س و کاره‌کانیان
له‌و که‌مپه‌دا گوزه‌راندیان، به‌و هه‌موو ناخۆشی و زوڵم و
سته‌مه‌وه که له‌لایان به‌عسییه‌کانه‌وه تووشی بووین، ده‌ردی
گه‌وره و ئازاری کوشنده ئه‌وه بوو که ره‌نجی خۆمان به هه‌ده‌ر
چوو و گه‌نجیی خۆمان به فیرۆ چوو ئه‌زانی.
له‌و ساڵه‌نه‌دا هه‌رچه‌نده خۆشه‌ویستی و ئینتیما بۆ رزگاریی،
له دڵی هیچ رزگاریه‌ك دا بۆ هه‌میشه و به ته‌واوی نه‌سڕایه‌وه،
به‌ڵام بۆ ده‌رباز بوون له‌و هه‌لومه‌رجه ناخۆشه، ژماره‌یه‌ك
چوونه ریزی حیزبه‌کانی تره‌وه، ژماره‌یه‌ك سه‌ری خۆیان هه‌ڵگرت و
روویان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات کرد و ژماره‌یه‌کیش خۆیان به قه‌زا و
قه‌ده‌ر سپارد.
ئه‌مرۆ که رزگاریی هه‌ستاوه‌ته‌وه و خه‌ریکی خۆرێکخستنه‌وه‌یه،
نه‌ك هه‌ر دڵی شه‌هیدانمان شاده، به‌ڵکوو ژن و پیاو، پیر و لاوی
سپای رزگاریی کوردستان، لێره و له ناوخۆی وڵات و له ده‌ر‌ه‌وه‌ش
شاییان له دڵا ئه‌گه‌رێ. چونکه هه‌ستانه‌وه‌ی رزگاریی واتا
گه‌ڕانه‌وه‌ی شه‌خسییه‌تی یه‌ك به یه‌کی رزگارییه‌کان، یانی نرخ
دانان بۆ زه‌حمه‌ت و هیلاک بوون و فیدارییه‌کانیان، یانی
ئه‌وه‌یکه، خوێن و ره‌نج و دڵسووتان و ئاواره‌ییمان به فیرۆ
نه‌چووه.
بۆیه، ئه‌ی خوشك و برایانی ئازیزمان، شادبن، که‌یف خۆش بن، شایی
و زه‌ماوه‌ند بگێرن، که ئه‌وه سپای رزگاریی کوردستانه له مردن
به هێزتره و له مه‌رگ راساوه و به‌گژ مه‌رگدا چووه.
به‌ڵام، هه‌ستانه‌وه‌ی سپای رزگاریی کوردستان، هه‌ر له‌و کاته‌شا،
ئه‌رك و به‌رپرسایه‌تی گه‌وره ئه‌خاته سه‌رشانی یه‌ك به یه‌کی
ئێمه به بێ جیاوازی، ئه‌رکێکی گه‌وره ئه‌که‌وێته سه‌رشانی
پێشمه‌رگه دێرینه‌کان، ئه‌که‌وێته مل ژن و منداڵ و ماڵ و
خێزانه‌کانیان، ئه‌که‌وێته سه‌رشانی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانمان.
ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که سپای رزگاریی کوردستان، هی ئێمه‌یه، هی
هه‌موومانه، به هه‌موومان ئه‌بێ بیخه‌ینه‌وه سه‌ر پا و
بیکه‌ینه‌وه به هێزه ئازا و لێهاتووه‌که‌ی جاری جاران. له‌م
رێگایه‌دا که‌س نابێ نا‌ئومێد بێ، ئه‌بێ هه‌موومان ئومێدواربین،
که‌س نابێ بڵێ من پیر بووم و په‌کم که‌وتووه، هیچ ژنێکی رزگاریی
نابێ خۆی به‌که‌م بگرێ، منداڵه‌کانمان نابێ بێ ته‌فاوه‌ت و دووره
په‌رێز بن، کوڕ و کچه لاوه‌کانمان ئه‌بێت ریزه‌کانی رزگاری پڕ
که‌نه‌وه، بنه‌ماڵه شه‌هیده‌کان نابێ هه‌ر چاویان له ئێمه بێ.
هه‌ستانه‌وه‌ی رزگاری و سه‌رپاخستنه‌وه‌ی و کردنه‌وه‌ی به هێزه
قاره‌مانه‌که‌ی جاران و ژیاندنه‌وه‌ی حه‌ماسه‌کانی " پیرۆسه‌م" و "
به‌رزیخاس" و " قه‌ڵای مامۆ" و " مله‌ی ئه‌سپ"و" که‌مه‌ره
سووره"و " قه‌لێ"و " ژاڵانه"و" سه‌کۆ"،"عه‌واڵان" و "
زه‌رده‌ڵه" و " قه‌ڵا بروسکه"و" زڕه‌وه" و " داڵانی"و
"وه‌زه‌را"و" پلوولێ"و"که‌ماجه‌ڕ"و"حاجیه ڕا" و " هه‌سوون"
و"هه‌یات"وهتد... ئه‌رکی هه‌موومانه و هه‌موومان ئه‌بێ تیا
به‌شدار بین.
سپای رزگاریی کوردستان سه‌رمایه‌کی گه‌وره‌ی مه‌عنه‌وی له‌پشت
سه‌ره‌وه هه‌یه. بێجگه له خوای گه‌وره و هیمه‌تی شاهی
نه‌قشبه‌ند، ئێمه‌ی رزگارییه‌کان 9 ساڵ مێژوی خه‌بات و ده‌یان
چیرۆکی ئازایه‌تی و فیداکاری و خوێنی سه‌دان هاوسه‌نگه‌رمان له
پشت سه‌ره‌وه‌یه.
خۆشك و برایانی خۆشه‌ویست
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که سپای رزگاریی کوردستان، 9 ساڵ له
خه‌باتێکی بێ‌وچان و ئازایانه‌دا بوو له دژی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری
کۆماری ئیسلامی به‌ڵام تووشی نسکۆ و که‌وتنێکی کاره‌سات بار هات.
به‌راستی ئه‌و که‌وتنه بۆ سپای رزگاریی کوردستان، کاره‌سات بوو و
بووه هۆی گه‌لێك مه‌ینه‌ت و چه‌رمه‌سه‌ر‌یی.
لێره له‌م کۆنفرانسه‌دا، پێویسته راشکاوانه باس له
هۆکاره‌کانی ئه‌و که‌وتنه‌مان بکه‌ین. ئه‌وه‌ی به سه‌ر ئێمه هات
موقه‌ده‌ر نه‌بوو، چاره‌نوسمان نه‌بوو، به‌ڵکوو له ئاکامی
کۆمه‌ڵێك که‌م و کووڕی و هه‌ڵه‌ی سیاسیی و ته‌شکیلاتی و خه‌تای
ژماره‌یه‌ک که‌سه‌وه بوو. چۆن ئه‌بوو هێزێك که هه‌زاران
پێشمه‌رگه‌ی گیانفیدای هه‌بوو و به‌رامبه‌ر هێزی دوژمن شه‌ڕی
جه‌بهه‌ی ئه‌کرد، وابکه‌وێ و ئه‌و کاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر بێت.
هیوادار و داواکارم کۆنفرانس، بتوانێ له هۆکاره‌کانی بکۆلێته‌وه
و ئاکامی باشی لێوه‌ربگرێ. له ڕوانه‌گه‌ی ئێمه‌وه هه‌ڵه‌ی
سه‌ره‌کی رزگاریی ئه‌وه بوو که سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی ئه‌ندام و
پێشمه‌رگه‌ی دلسۆز و به کار، قه‌ت ته‌شکیلاتیکی پێشکه‌وتووی ساز
نه‌کرد . هه‌ر بۆیه که‌ڵک له توانای ئه‌و پێشمه‌رگه و ئه‌ندامه
به‌کارانه وه‌رنه‌گیرا و کار و به‌رپرسایه‌تیه‌کان بۆ بڕێ که‌سی
هه‌لپه‌رست و نه‌زان قۆرخ کرابوو.
خۆشک و برایانی رزگاری
ئامانجمان له پێداچوونه‌وه به رابردوومان و ده‌ستنیشان کردنی
هه‌ڵه و که‌م کوڕییه‌کان ته‌نیا بۆ گێرانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌کانی
رابردوونیه. به‌ڵکوو بۆ ئه‌وه‌یه که رابردوو بکه‌ینه چرایه‌ك
بۆ رۆشنکردنه‌وه‌ی رێگای داهاتوومان.
خوشك و برایانی ئازیز
ئه‌بێ باشمان لێ حاڵی بێ که ئێمه له چ قۆناخێکی خه‌باتمانداین
و به پێی قۆناخه‌که‌مان و هه‌لومه‌رجمان ئه‌رکه‌کانمان دیاری
ئه‌که‌ین.
قۆناخی ئه‌مرۆی سپای رزگاریی قۆناخی هه‌ستانه‌وه و خۆ
سازدانه‌وه و خۆ رێکخستنه‌وه‌یه. ئێمه له پڕ و کت‌وپڕ ناتوانین
20 ساڵ مه‌رگ و نه‌مانمان قه‌ره‌بوو بکه‌ینه‌وه. ئه‌بێ زۆر به
تاقه‌ت و له سه‌ره‌خۆبین. ئه‌بێ زۆر پشوو درێژ بین. ئه‌بێ بزانین
که ئێمه له تابووتی مردن هه‌ستاوینه‌ته‌وه. بۆیه ئه‌بێ قه‌ڵای
رزگاریی خشت به خشت و به‌رد به به‌رد دانێینه‌وه. ئه‌بێ به کۆڵ
و مێشك و بازووی خۆمان دیواری ئه‌م قه‌ڵایه دابنێینه‌وه.
گومان له‌وه‌دا نییه که هه‌رچه‌ند رێگامان سه‌خت و دژواره،
به‌ڵام له‌م رێگایه‌دا سه‌رئه‌که‌وین و به ئاوات ئه‌گه‌ین. له
بیرتان بێ که ئه‌وه ئیراده و بڕیاری ئینسانه‌کانه که
چاره‌نووسسازه. مادام ئێمه به یه‌ك دڵی و یه‌کده‌ستی و به
دڵ‌پاکی و خاوێنی، ویست و ئیراده‌مان یه‌ك بێت و هه‌موومان
رزگاریمان خۆش بوێت و نه‌ترسین، هه‌ر ئه‌گه‌ینه ئه‌نجام و هه‌ر
سه‌ر ئه‌که‌وین.
بۆیه له قۆناخی ئه‌مڕۆمانا، ئه‌بێ دروستکردنه‌وه‌ی قه‌ڵای
روخاوی سپای رزگاری له دڵ و ده‌ره‌ونی خۆمانه‌وه ده‌ست پێبکه‌ین.
ئه‌بی هه‌ر که‌سێ رزگاریی له دڵی خۆیه‌وه و له‌لای خۆیه‌وه
دروست بکاته‌وه. ئه‌بێ هه‌ر جۆره دوو دڵی و نیگه‌رانی و
نائومێدییه‌ك له دڵدا نه‌هێڵین. ئه‌بێ هه‌ر که‌س له پێش دا له
دڵی خۆ‌یا رزگارییه‌کی به باوه‌ڕ بێت جا تماشای که‌سانیتر بکات.
ئه‌م قۆناخه زیاتر له هه‌ر کاتێکی تر خۆشه‌ویستی و هاو دڵی و
هاوپه‌یمانی و یه‌کێتی له ئه‌ندامانی سپای رزگاریی گه‌ره‌که.
ئێمه به یه‌ك بوون و یه‌کدڵی ئه‌توانین رزگاریی بگه‌یه‌نینه‌وه
بۆ ئه‌و هێزه گه‌وره که دۆست و دوژمن حیسابیان بۆ ئه‌کرد.
مه‌سه‌له‌ی دۆزینه‌وه و پێوه‌ندی کردن به هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌کی
دێرینی رزگاری له هه‌ر کوێ بێ و له هه‌ر هه‌لومه‌رجێدا بێ،
ئه‌رکێکی گر‌ینگی ئه‌م قۆناخه‌مانه. نابێ که‌س له بیر بکرێ و که‌س
فه‌رامۆش و پشت گوێ بخرێ. نابێ کێشه و عه‌داوه‌تی شه‌خسی ئه‌گه‌ر
خوا نه‌خواسته له نێوانماندا هه‌بوو، ببێته میلاك و میعیار.
ئه‌بێ هه‌ر جۆره دڵ ئێشاویی و بۆغز و غه‌ره‌زێك له نێو خۆماندا
نه‌هێڵین.
پێوه‌ندیی کردن و مزگێنی دان به بنه‌ماڵه شه‌هیده‌کانمان که
رزگاری هه‌ستاوه‌ته‌وه، رۆز گرینگه. ئه‌بێ بنه‌ماڵه شه‌هیده‌کان
بزانن که رزگاریی هی ئه‌وانه و پێویستی به‌وانه.
خوشك و برایان
دنیا ئاڵوگۆڕی زۆری به خۆوه دیوه. ئه‌مرۆ له چاو 30 ــ 20 ساڵ
له‌مه‌وبه‌ر هه‌موو شت گۆڕاوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که، هێشتا
کوردی پارچه‌ی باشوری لێ ده‌رچێ، نه‌ته‌وه‌که‌مان له بنده‌ستی
دایه، به‌ڵام کۆمه‌ڵی کوردستان گۆڕانی زۆری به سه‌رداهاتووه.
زانین و زانیاری و خوێندن و فێر بوون و خوێنده‌واری پێشکه‌وتنی
زۆری به‌خۆیه‌وه بینیوه. بۆیه پێویسته هه‌ر پێشمه‌رگه و
خه‌باتگێرێکی سپای رزگاریی هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌بێ خۆی بۆ
هه‌ڵمه‌ت بردنه سه‌ر هێزه‌کانی رێژیم و دام و ده‌زگاکانی له کاتی
خۆ‌یا ئاماده بکات، ئه‌بێ خۆی به چه‌کی زانست و خوێندن و سیاسه‌ت،
چه‌کدار بکات. ئینسان هه‌ر چه‌ندی زانا‌و هوشیار و له سیاسه‌ت و
دنیا بزانێ، که‌متر تووشی هه‌ڵه ئه‌بێت و چاکتر به ئامانج
ئه‌گات. ساڵی 1979 کاتێ رزگاری هاته مه‌یدانی خه‌باته‌وه، ئێمه
هه‌موومان له‌رووی سیاسییه‌وه لاواز و بێ ئه‌زموون بووین.
هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌رفه‌ته‌مان نه‌ره‌خساند که هاوکات له‌گه‌ڵ
به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ دوژمن، خه‌ریکی په‌روه‌رده‌کردنی کادری
سیاسیی بین. ئه‌مرۆ ئه‌وه ئه‌رکێکی گر‌ینگی سپای رزگارییه و له‌م
بواره‌دا، لاوانی سپای رزگاریی کوردستان، کچ و کوڕه‌کان ئه‌رك
ئه‌که‌وێته سه‌رشانیان، ئه‌وان ئه‌بێ وه‌ها په‌روه‌رده بن که
بتوانن له ریزه‌کانی سه‌رکردایه‌تی رزگاریی دا جێبگرن.
ئه‌رکێکی گر‌ینگی تری ئه‌م قۆناخه‌مان، دروستکردنی قه‌واره‌یه‌کی
رێکخراوه‌ییه. واتا ئه‌بێ ته‌شکیلاتی سپای رزگاریی کوردستان
هه‌یکه‌ل و قه‌واره‌ی دیار بێ و له هه‌موومان روون بێ که ئۆرگان
و دا‌و و ده‌زگا و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رکام له‌و ده‌زگایانه چیه. ئه‌بێ
بزانین که ئه‌ندامی سپای رزگاریی کێیه و مافه‌کانی چیه و ئه‌و
ئه‌رکانه دیاریی بکه‌ین که هه‌ر ئه‌ندامێکی سپای رزگاریی
له‌سه‌ر شانیه‌تی. حه‌ره‌که‌تی بێ رێکخستن و رێکخراو و هه‌ر که‌س
بۆ خۆی نه له رابردوودا ئه‌نجامی باشی هه‌بووه و نه له ئێستا
و داهاتوودا که‌ڵکی هه‌یه. بۆیه ئه‌بێ به سه‌رنجدان به
بارودۆخمان ته‌شکیلات و قه‌واره‌مان رێکبخه‌ین. بۆیه ئێمه ئه‌بێ
په‌یره‌ی له ده‌ستوری رێکخراوه‌یمان "واته ده‌ستووری ناخۆی سپای
رزگاریی کوردستان" بکه‌ین که به سه‌رنجدان به بارودۆخی ئێستامان
دامان ناوه.
بێجگه له‌وه، دیاری کردن و روون بوونی ئامانج و سیاسه‌ته‌کانی
سپای رزگاریی کوردستان ئه‌رکێکی گر‌ینگی تره. هه‌ر ئه‌وه به‌س
نییه که خه‌ڵکی بزانێ سپای رزگاریی کوردستان، هێزی خه‌بات دژی
داگیرکه‌ر و رزگارییخوازی کوردستانه. به‌ڵکوو ئه‌بێ ئامانج و
سیاسه‌ته‌کانی سپای رزگاریی کوردستان روون و دیار بن. بۆ ئه‌مه‌ش
به‌رنامه‌ی سپای رزگاریی کوردستان دانراوه، که ئه‌بێ هه‌موو
رزگارییه‌کان پایه‌به‌ند بن پێی و بۆ گه‌یاندنی به خه‌ڵك و بۆ
وه‌دیهێنانی تێکۆشن.
به گشتی ئه‌م کۆنفرانسه‌مان، کۆنفرانسی ساخکردنه‌وه‌ی سپای
رزگاریی کوردستانه. کۆنفرانسی ته‌عمیر و سه‌ر له نوێ چاك
کردنه‌وه‌ی رزگارییه.
پێویسته هه‌موومان خاڵێکی گرینگ بزانیین. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که
ساخکردنه‌وه و سه‌رپا خستنه‌وه و هه‌ساتنه‌وه و به هێز
کردنه‌وه‌ی سپای رزگاری ئاسان نییه. هه‌ر وه‌ها بێ کێشه و
ده‌ردیسه‌ر نییه. ئه‌بێ ئه‌وه بزانن که زۆر گرفتمان دێته سه‌ر
رێ، که‌س و لایه‌نی وا هه‌ن، حه‌ز ناکه‌ن ئیمه.که‌سانێک هه‌وڵ
ئه‌ده‌ن توشی دڵساردیمان بکه‌ن،تێ ئه‌کۆشن دووبه‌ره‌کی بخه‌نه
ریزه‌کانمانه‌وه،هه‌ول ئه‌ده‌ن له یه‌کترمان بخه‌نه گومانه‌وه
و بۆختانمان بۆ ساز ئه‌که‌ن و در‌و و قسه‌ی بێبنه‌ما ئه‌خه‌نه
دوامان. به‌ڵام ئیوه هه‌موتان دڵنیا بن که ئه‌گه‌ر ئێمه یه‌ک دڵ
بین له گه‌ڵ یه‌کتر و پشتی یه‌ک به‌ر نه‌ده‌ین و باوه‌ڕمان به
خۆمان هه‌بێت و به قسه‌ی دوژمنه‌کانمان له گه‌ڵ یه‌ک نه‌که‌ین،
به سه‌ر هه‌موو ئه‌و کۆسپ و ته‌گه‌رانه‌دا زاڵ ئه‌بین و ناحه‌زان
و دۆژمنانی سپای رزگاریی ئه‌به‌زێنین.
چاوخشاندنێك به هه‌لومه‌رجی سیاسیی جیهانی دا
خوشك و برایانی به‌رێز
جیهانی ئه‌مرۆ له چاو جیهانی سه‌رده‌می پێکهاتنی سپای رزگاریی
کوردستان و دواتر که‌وتنی، گۆڕانی زۆری به سه‌رداهاتووه.
جیهانی رابردوو، له نێوان دوو جه‌مسه‌ریی رۆژهه‌ڵات و رۆژاوادا
دابه‌ش ببوو. شه‌ڕێکی گه‌وره له نێوان ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره‌دا بوو
که به شه‌ڕی سارد ناوده‌برێ. له جیهانی دوو جه‌مسه‌ریی دا،
هه‌مووشتێ له نێوان ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره‌دا دابه‌ش کرابوو.
یه‌کێك له قوربانییه‌کانی جیهانی دو جه‌مسه‌ریی نه‌ته‌وه‌ی کورد
بوو. هه‌رکام له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که به‌شێك له کوردستانیان له
بنده‌ست
دابوو، خۆیان دا بووه پاڵ یه‌کێك له‌و دوو جه‌مسه‌ره و له‌و
به‌ینه‌دا نه‌ته‌وه‌که‌مان نه‌ك هه‌ر مافه‌کانی به‌ڵکوو، بوونیشی
پێشێل ئه‌کرا. بۆیه له ماوه‌ی چه‌ند ده‌ساڵ شه‌ڕی سارد و جیهانی
دوو جه‌مسه‌ریی دا، هه‌رکام له‌و ده‌وله‌تانه به ئاگر و ئاسن
له کوردی بێکه‌سیان ئه‌دا و کوردیش هاواری به هیچ کوێ
نه‌ئه‌گه‌یی. یان بڵێن که‌س نه‌بوو هاواری ئه‌م نه‌ته‌وه
بێده‌وڵه‌ته ببیستێ.
به‌ڵام نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌ستی له خه‌بات بۆ رزگاریی خۆی
هه‌ڵنه‌گرت و هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا چه‌ندین شۆڕش و ڕاپه‌ڕینی
گه‌وره‌ی به‌رپا کرد. به‌داخه‌وه هه‌موو جارێ له ئاکامی پاڵپشتی
یه‌ك له دوو جه‌مسه‌ره جیهانییه‌که و به‌هاناوه هاتنی
ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کان، شۆڕشه‌کانی کورد تووشی شکست ئه‌بوون و
سه‌ره‌نجام سه‌رکرده‌کانمان یان تووشی ئاواره‌یی ئه‌بوون، یان له
زیندانی دوژمنان دا گیانیان لێ ئه‌ستێنرا. بۆیه ئه‌بینین که هیچ
نه‌ته‌وه‌یه‌ک به ئه‌ندازه‌ی کورد له به‌رامبه‌ر دوژمنه‌کانیدا
خۆڕاگریی نه‌کردووه و هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌قه‌ت کورد
سه‌رکرده‌کانی شه‌هید نه‌بوون.
به‌ڵام له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م به روخانی
دیواری به‌رلین و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌کێتی سۆڤییه‌ت وه‌ک
سه‌رکرده‌ی جه‌مسه‌ری رۆژهه‌ڵات، شه‌ڕی سارد و جیهانی دوو
جه‌مسه‌ری کۆتایی پێهات. ئه‌م رووداوه، هه‌موو
تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی جیهانی پیشووی ژێر و ژوور کردووه و
گۆڕیویه‌تی. ئه‌م گۆڕانکارییه زۆر ئاکامی لێکه‌وتووه‌ته‌وه که
لێره‌دا باس کردنی هه‌مووی زه‌حمه‌ته و ته‌نیا ئاماژه به یه‌ک
له‌و ئاکامانه‌ی ئه‌که‌ین که په‌یوه‌ندی به ئێمه خۆمانه‌وه
هه‌یه. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که، نه‌مانی دنیای دوو جه‌مسه‌ری و
کۆتایی شه‌ری سارد، هه‌ل و مه‌رجێکی درووست کردووه که گه‌لانی
بنده‌ست ده‌نگی خۆیان به دنیا بگه‌ینن و لایان لێبکرێته‌وه.
نموونه‌ی ئه‌مه‌ش، بڕیاری 688 ی
UN
بوو که له 1991 به ناوی ده‌ستێوه‌ردانی مرۆڤی، رێگایان له
ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری عێراق گرت په‌لامار بباته‌وه سه‌ر هه‌رێمه
ئازاد کراوه‌کانی باشووری کوردستان.
بۆیه ئه‌و ئاڵووگۆڕه جیهانییه له لایان کورده‌وه پێشوازی لێ
کراوه و قازانجی زۆری بۆ کورد هه‌بووه. سیاسه‌تی ئیمه ئه‌وه‌یه
که له‌و گۆڕنکاریانه پێشوازیی بکه‌ین و به قازانجی
نه‌ته‌وه‌که‌مان که‌ڵکی لێوه‌ربگرین.
رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
چ به‌و هۆیه‌وه که نه‌ته‌وه‌ی کورد و خاکی کوردستان له
رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌ڵکه‌وتووه و چ به هۆی ئه‌وه‌ی
رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست مه‌ڵبه‌ندی زۆر گیروگرفت و ململانییه،
بایه‌خی بۆ ئێمه‌ش هه‌یه.
رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌و هه‌رێمه‌یه که زۆر له مێژه
گیروگرفتی تیا نابڕێته‌وه. ئه‌م ناوچه‌یه له‌به‌ر ده‌وڵه‌مه‌ندی
زۆری به سه‌رچاوه‌کانی نه‌فت و ئاو و باقی ماده به‌نرخه‌کان، جێی
رکه‌به‌رێ و ململانێ و شه‌ڕی نێوان زلهێزه‌کان بووه. هه‌روه‌ها
له کۆنه‌وه شوێنی سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ندین ئیمپڕاتۆری گه‌وره
بووه. ئه‌مڕۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست بۆته ناوه‌ندێکی ئاگراوی و
ئه‌زمه و قه‌یرانی جۆراوجۆر.
به‌شێکی گرینگ له هۆکاره‌کانی ئه‌م وه‌زعه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
به‌میرات بۆی ماوه‌ته‌وه و زلهێزه‌کان لێی به‌رپرسیارن. به‌شێکی
دیکه‌ی له سه‌ر ئه‌و خێروبێره‌یه که له‌م ناوچه‌یه‌دا هه‌یه.
به‌شێکی تری له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که سنووره سیاسیه‌کانی نێو
رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له گه‌ڵ باری نه‌ته‌وه‌یی و ویستی گه‌لانیان
ناگونجێ.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زۆر کێشه‌ی تێدایه،
به‌لام دوو كێشه‌یان، سه‌ره‌کیترین کێشه‌ی سیاسیین که ئه‌ویش
بریتیین له:
-
کیشه‌ی عه‌ڕه‌ب- ئیسرائیل له سه‌ر فه‌له‌ستین.
-
کێشه‌ی کورد.
له درووست بوونی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیله‌وه کێشه‌ی عه‌ڕه‌ب-
ئیسرائیل شکلی گرتووه و تائێستا چه‌ند جار شه‌ڕله نێوان
ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌کان له لایه‌ک و ئیسرائیل له لایه‌کی
تره‌وه رووی داوه. هه‌روه‌ها چه‌ندین رێکه‌وتننامه له
نێوانیاندا ئیمزا کراوه. به‌ڵام تا کۆتایی نه‌هاتنی شه‌ڕی سارد
ئاسۆیه‌ک بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی فه‌له‌ستین به‌دیی نه‌ئه‌کرا.
به ته‌واو بوونی شه‌ڕی سارد، کێشه‌ی فه‌له‌ستین چه‌ند هه‌نگاوێک
چووه پێش و ئه‌مڕۆ له سه‌ر خاکی فه‌له‌ستین حکوومه‌تێکی ناوچه‌یی
هه‌یه که له پێوه‌ندی و هاوکاریی دایه له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی
ئیسرائیل. توندڕه‌وه‌کانی فه‌له‌ستین و ئیسرائیل له هه‌ر
دوولاوه، مانعی سه‌ر رێگای سه‌قامگیریی زیاتری ئه‌و حکوومه‌ته و
به‌ره‌وپێشچوونی زیاتری پێوه‌ندیی نێوان فه‌له‌ستین و ئیسرائیلن.
ژماره‌یه‌ک له ده‌وڵه‌تانی عه‌ڕه‌بی، لایه‌نگری له
فه‌له‌ستینییه‌کان ته‌نیا وه‌ک دروشم و ئامرازێک له پێناو قازانج
و مه‌سڵه‌حه‌تی خۆیاندا به کار دێنن.
هه‌روه‌ها رژێمی کۆماری ئیسلامیش هه‌ر به‌و جۆره، له پێناو
مه‌سڵه‌حه‌تی سیاسیی خۆیدا، ده‌خاڵه‌ت له کاروباری
فه‌له‌ستینییه‌کاندا ئه‌کات و ناهێڵێ خه‌تی ئاشتی و سه‌قامگیری
سه‌رکه‌وێ.
ئێمه‌هه‌ر له‌و کاته‌دا که لایه‌نگری له مافی
فه‌له‌ستینییه‌کان و هه‌ر گه‌لێکی بنده‌ستی تر ئه‌که‌ین، له‌سه‌ر
ئه‌و باوه‌ڕه‌شین که جووله‌که‌ش مرۆڤی خوان و مافی ژیان و مانیان
هه‌یه و ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل هه‌قی وجوودی هه‌یه. ئێمه خوازیاری
ئه‌وه‌ین که گه‌لی فه‌له‌ستین به ئامانج بگات و له ته‌ک
ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل دا، به ئاشتی کێشه‌که‌ی چاره‌سه‌ر بکات.
2- کێشه‌ی کورد
کوردستان دوو جار له مێژوودا به بڕیاری زاڵمانه دابه‌ش
کراوه و هه‌ر پارچه‌یه‌کی که‌وتۆته بنده‌ستی داگیرکه‌رێک.
کوردستان جاری یه‌که‌م له پاش شه‌ڕی چالدێران له 1514دا به
کرده‌وه له نێوان دوو ئیمپراتۆری سه‌فه‌وی و عوسمانی دا دابه‌ش
کراو و پاشان ئه‌و دابه‌شکرانه به رێکه‌وتننامه‌ی زه‌هاو له
1619 دا ره‌سمییه‌تی پێدرا.
جاری دووهه‌م کوردستان له پاش شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی به پێی
رێکه‌تننامه‌ی لۆزان دابه‌شکرایه‌وه. له دوایین دابه‌شکراندا،
کوردستان بووه چوار پارچه‌ی سه‌ره‌کیی و هه‌ر پارچه‌یه‌کی خرایه
سه‌ر ده‌وڵه‌تێک و به‌مجۆره باکوور که‌وته ژێر ده‌سه‌ڵاتی
تورکیا، باشوور ژێر ده‌سه‌ڵاتی عێراق، رۆژهه‌ڵات له بنده‌ستی
ئێران و رۆژئاوا له بنده‌ستی سووریا.
هه‌ر له یه‌که‌م دابه‌شکردنی کوردستانه‌وه، کورد ده‌ستی له
نیشتمانی خۆی هه‌ڵنه‌گرتووه و هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ی کوردی
هانداوه بۆ دیفاع له خاکی خۆی و ده‌رکردنی بێگانه و دانانی
ده‌سه‌ڵاتی نیشتمانیی. میرنشینه‌کانی کورد نموونه‌ی نیشتمان
په‌روه‌ری میره کورده‌کان و خه‌ڵکه‌که‌یان بووه. هه‌روه‌ها
راپه‌ڕینه‌کانی کورد له سه‌رده‌می شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی که
رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و دۆزی کورد هاتبوونه قۆناخێکی تازه‌وه،
له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 20 دا حکومه‌تی مه‌لیکی شێخ مه‌حمودی له
باشوری کوردستان لێکه‌وته‌وه و دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان له
رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له نیوه‌ی سه‌دده‌ی بیست دا، نمونه‌ی
کۆڵنه‌دانی نه‌ته‌وه‌ی کورد له پێناو رزگاریی و دامه‌زراندنی
کیانی نه‌ته‌وه‌یی بووه. ئه‌و راپه‌ڕین و ده‌سکه‌وتانه‌ی کورد
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که هه‌ڵقوڵاوی خواستی ره‌سه‌نی کورد بوون،
به‌ڵام به‌و هۆیه‌وه که قازانجی زلهێزه‌کان له دامه‌زراندنی
ده‌وڵه‌تی کوردی دا نه‌بوو و پشتیوانیان له مانه‌وه‌ی سنوره‌کان
به‌و جۆره‌ی دروستیان کردبوو کرد، هه‌مووان تووشی شکان بوون و
سه‌رکرده‌کانیان به ده‌ستی دوژمنان، شه‌هید یان ده‌ربه‌ده‌ر بوون.
به‌ڵام نه شکستی ئه‌و شۆڕش و راپه‌ڕینانه و نه شه‌هیدبوونی
سه‌رکرده‌کان ئاگری شۆرشی کوردی بۆ هه‌میشه نه‌کوژانده‌وه و
گه‌لی کورد له شۆڕش و راپه‌رین به‌رده‌وام بووه. له ده‌یه‌ی
کۆتایی سه‌ده‌ی 20 دا، باشوری کوردستان له ئاکامی کۆمه‌ڵێك
فاکته‌ر، توانی له داگیرکه‌ر راپه‌ڕێ و خۆی رزگاربکات و ئه‌مرۆ
خاوه‌نی کیانێکه که به‌ره‌سمی وه‌ك هه‌رێمێکی فیدراڵی له
چوارچێوه‌ی عێراقدا ناسراوه. هه‌روه‌ها خه‌بات و تێکۆشانی کورد
له باکور و رۆژهه‌ڵات و رۆژاوای کوردستان به شێوه‌ی جۆراوجۆر له
په‌ره‌سه‌ندندایه.
ئه‌و مێژووه خوێناوییه سه‌لماندویه تاکوو مافه‌کانی گه‌لی
کورد له هه‌موو پارچه‌کانیدا، دابین نه‌کرێت و کورد به ئاوات و
ئامانجی خۆی نه‌گات، واز له خه‌بات ناهێنێ و درێژه‌ی پێده‌دات.
هه‌روه‌ها، تاکوو مافه‌کانی ئه‌م نه‌ته‌وه 40 میلیونیه به‌و
جۆره‌ی خۆی ئه‌یه‌وێ دابین نه‌کرێت، ئاشتی یه‌کجاریی له
رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌رقه‌رار نابێت.
سپای رزگاریی کوردستان، کورد به یه‌ك نه‌ته‌وه و کوردستان به
یه‌ك وڵات ئه‌ناسێت و له هه‌رکام له پارچه‌کانی کوردستان، کورد
هه‌ر ده‌سکه‌وتێك به ده‌ست بێنێ، پشتیوانی لێ ئه‌کات. سپای
رزگاریی کوردستان له خه‌باتی هێزه سیاسییه‌کانی پارچه‌کانی تری
کوردستان له پێناو دیاریی کردنی چاره‌نوس دا پشتیوانی ئه‌کات.
ئێران
ئێران یه‌کێك له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راسته که
هه‌ر له یه‌که‌م دابه‌شکردنی کوردستانه‌وه، رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی
خرایه‌سه‌ر. له ناو ئێران بێجگه له کورد، 5 نه‌ته‌وه‌ی تر
ئه‌ژین که ده‌وڵه‌ت ته‌نیا هی فارسه‌کانه و ئه‌وانیتر نه‌ك هه‌ر
هیچ به‌شدارییه‌کیان له ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی‌دا نییه، به‌ڵکوو،
ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی وه‌ڵامی ویسته نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیانی به ئاگر
و ئاسن داوه‌ته‌وه و هه‌موو مافه فه‌رهه‌نگی و سیاسیی و
ئابورییه‌کانیانی سه‌رکوت کردووه.
بارودۆخی هاوبه‌ش و فشار و ئازارێك که ده‌وڵه‌ته
ناوه‌ندییه‌کانی ئێران بۆ سه‌ر نه‌ته‌وه نا فارسه‌کانی له‌و
وڵاته دا هێناوه گه‌لانی بنده‌ستی ئێرانی له هاوکاریی و خه‌باتی
هاوبه‌ش نزیك کردۆ‌ته‌وه. له روانگه‌ی ئێمه‌وه کێشه‌ی
نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی ئێران، گه‌وره‌ترین قه‌یرانی ناو خۆیی
ئێرانه و هه‌رکاتێك فه‌زایه‌کی ئازاد هه‌ڵکه‌وێ، به‌روونی ئه‌م
قه‌یرانه ده‌رئه‌که‌وێ.
بێجگه له مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌کان، ئێران به‌ده‌ست زۆر کێشه‌ی
تره‌وه ئه‌نالێنێ. له سایه‌ی حکومه‌تی کۆماری ئیسلامیه‌وه،
بێ‌کاری و گرانی و هه‌ژاری و مواد موخه‌در و گه‌نده‌ڵیی، سه‌رتاپای
ئێرانی گرتۆ‌ته‌وه. هه‌ر ئه‌وه‌ش حکومه‌تی ناوه‌ندی خستۆ‌ته
به‌رفشاری خه‌باتی هه‌موو چین و توێژه‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌وه.
لاوان و ژنان و خوێندکاران و کرێکاران و مامۆستایان و کاسبکاران و
مووچه خۆرانی ده‌وڵه‌ت، هه‌رکام به گوێره‌ی خۆیان له دژی ئه‌و
حکومه‌ته و بۆ گۆرینی له تێکۆشاندان.
به‌ڵام خاڵی لاوازی خه‌باتی ئه‌م چین و توێژانه، نه‌بوونی
به‌د‌یلێکی سیاسیه که ئه‌و خه‌باته هاواهه‌نگ و سه‌رکردایه‌تی
بکات.
له ئێران‌دا گه‌لی کورد، له هه‌موو گه‌لانی تر زیاتر قوربانیی
داوه. هه‌روه‌ها له هه‌موویان زیاتر ئاماده‌گی بۆ خه‌بات و بۆ
گۆڕانکاریی و ئیداره‌کردنی خۆی هه‌یه. گه‌لی کورد نه‌ك هه‌ر له
دژی کۆماری ئیسلامی به‌ڵکوو، له دژی حکومه‌ته یه‌ك به دوای
یه‌که‌کانی ئێران خه‌باتی کردووه.
له روانگه‌ی ئێمه‌وه، هه‌ر وه‌ك گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی
کوردستان، به‌شێکه له نه‌ته‌وه‌ی گه‌وره‌ی کورد، خه‌باته‌که‌شی
به‌شێکه له خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ی کورد بۆ رزگاریی. له هه‌مان کاتا
هاودۆخی کورد له ئێران له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌بنده‌سته‌کانی تر و ویستی
هاوبه‌شی رزگاری و مافی دیاریی کردنی چاره‌نووس، گه‌لی کورد و ئه‌و
گه‌لانه ئه‌کاته هاوپه‌یمانی یه‌کتر.
مافی دیاریکردنی جاره‌نووس و دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و
یه‌کگرتنه‌وه له‌گه‌ڵ پارچه‌کانی تری کوردستان، مافی
حاشاهه‌ڵنه‌گر و ئامانجی دوا رۆژی گه‌لی کورده له رۆژهه‌ڵاتی
کوردستان. به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان له
قۆناغ و بارودۆخێکی جیاواز له‌گه‌ڵ یه‌کتردان و هێشتا خه‌باتێکی
هه‌مووانی نه‌ته‌وه‌ی کورد شکڵی نه‌گرتووه، کوردی رۆژهه‌ڵات هه‌ر
وه‌ك کوردی پارچه‌کانی تر به پێی هه‌لومه‌رج و هاوسه‌نگی هێزه‌کان
بڕیاری سیاسیی خۆی ئه‌دات. بۆیه به له‌به‌رچاوگرتنی کۆی
فاکته‌ره‌کان، دامه‌زراندنی سیسته‌مێکی کۆنفیدراڵی له ئێران‌دا،
باشترین رێگای دابینکرانی مافه‌کانی نه‌ته‌وه‌بنده‌سته‌کان و
هاوکارییان له چوارچێوه‌ی کۆنفیدراسیۆنێك دایه. کۆنفیدراسیۆنێك
له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌یی و جوگرافی له ئێران‌دا، زامنی دابین
بوونی مافه‌کانی گه‌لانی ئێران و هاوکاریی و پێکه‌وه ژیانیان به
ئاشتییه. به‌ڵام هه‌ر له‌و کاته‌شدا، سپای رزگاریی کوردستان، هه‌ر
کام له شکڵه‌کانی تری که‌ڵكوه‌رگرتن له مافی دیاری کردنی
چاره‌نووس که لانی که‌مه‌که‌یان سیسته‌مێکی فیدراڵیه، به
هه‌لومه‌رجی دیاری کراو و هاوسه‌نگی هێزه‌کان ده‌سپێرێ .
خه‌باتی گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان قۆناخی جۆراوجۆری به
خۆه بینیه‌وه. گه‌لی کورد له هیچ سه‌رده‌مێكدا له خه‌بات
نه‌وێستاوه. دوایین ده‌وری خه‌باتی گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی
کوردستان به روخانی رێژیمی پاشایه‌تی و هاتنه سه‌رکاری کۆماری
ئیسلامی ده‌ستی پێ‌کرد، کاتێ که 29 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر"خومه‌ینی"
دامه‌زرێنه‌ری کۆماری ئیسلامی حوکمی جیهادی له دژی گه‌لی کورددا،
رۆڵه‌کانی گه‌لی ئێمه بۆ دیفاع له خۆیان و پاراستنی
ده‌سکه‌وته‌کانی خه‌بات، له به‌رامبه‌ر ئه‌و حوکمه ناڕه‌وایه‌دا
به‌رگرییان له خۆیان کرد. رۆڵه‌کانی گه‌لی کورد له چوارچێوه‌ی
هێزی پێشمه‌رگه‌ی سه‌ربه حیزب و لایه‌نه سیاسییه‌کان به‌رامبه‌ر
ئه‌و حوکمه وێستان و له‌و کاته‌وه ئه‌و به‌رخودانه درێژه‌ی
هه‌یه.
له‌م خه‌باته‌دا، جه‌ماوه‌ری کوردستان وێڕای هێزی پێشمه‌رگه
به‌شداربووه. سپای رزگاری کوردستان یه‌ک له‌و هێزانه بوو که
له به‌رامبه‌ر ئه‌و حکوومه‌ته‌دا دیفاعی له کوردستان و کورد کرد.
رزگاریی کوردستان له بنده‌ستی هێزه‌کانی کۆماری ئیسلامی ، له
خه‌باتی هاوهه‌نگی جه‌ماوه‌ر و هێزی پێشمه‌رگه‌دا وه‌دیی دێت.
هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه ئه‌گه‌ر خه‌باتی رزگاریخوازی گه‌له‌که‌مان
ته‌نیا به یه‌ک جۆر پێناسه بکرێت. خه‌باتی گه‌لی کورد بۆ رزگاری
و ئازادیی خه‌باتێکی جۆراوجۆر و تێکه‌ڵاوی پێشمه‌رگه‌یی،
جه‌ماوه‌ری، مه‌ده‌نی، راگه‌یاندن و دیپلۆماسیه. ئه‌مڕۆ که به
کۆمه‌ڵه هۆکارێک خه‌باتی چه‌کداری ئه‌و گه‌رم و گوڕییه‌ی رابردووی
نه‌ماوه، نه به مانای ئه‌وه‌یه که ئه‌وه‌ی له رابردوودا
کراوه هه‌ڵه بووه و نه به مانای ئه‌وه‌یه که سه‌رده‌می
خه‌باتی پێشمه‌رگه‌یی ته‌واو بووه. هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان
هێزی رزگاریده‌ری کوردستان و زامنی پاراستنی ده‌سکه‌وته‌کانمانه،
به‌ڵام له ده‌ساڵی رابردوودا، خه‌باتی مه‌ده‌نی له جه‌رگه‌ی
شاره‌کان له لایان چین و تووێژه‌کانی گه‌له‌وه له قالبی
جۆراوجۆردا به‌ڕێوه‌چووه، که سه‌ره‌نجام هه‌ر ده‌چێته‌وه سه‌ر
ئه‌و رێگایه‌ی که 29 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، رۆڵه ئازاکانی
گه‌له‌که‌مان بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی حوکمی ناڕه‌وای جیهادی
خومه‌ینی له دژی کورد، گرتیانه‌به‌ر.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که هوشیاری نه‌ته‌وه‌یی به‌ڕاده‌یه‌کی
زۆر له ناو گه‌لی کورددا چۆته سه‌رێ و بارودۆخی نێونه‌ته‌وه‌ییش
به جۆرێکه که به قازانجی ئه‌و خه‌باته هه‌ڵکه‌وتووه، هێشتا
گه‌لی کورد له ئاستی سیاسیی‌دا یه‌کگرتوو نیه و حیزب و هێزه
سیاسییه‌کانی گه‌له‌که‌مان، هه‌ر کام به دوای ئه‌و ئامانجانه‌وه‌ن
که هی حیزبی خۆیانه و هیچ ده‌زگایه‌کی نه‌ته‌وه‌یی که بتوانێ
خه‌باتی کورد یه‌کگرتوانه سه‌رکردایه‌تی بکات، دانه‌مه‌زراوه.
ئه‌مه گه‌وره‌ترین که‌موکوڕیی خه‌باتی گه‌لی کورده له
رۆژهه‌ڵاتی کوردستان.
سپای رزگاری کوردستان له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه که هاوکاری و
هه‌ماهه‌نگی و دامه‌زراندنی ده‌زگایه‌کی نه‌ته‌وه‌یی که ببێته
جێی هاوکاری و خه‌باتی هاوبه‌شی حیزبه‌کان و خه‌باتی گه‌لی کورد
رابه‌رایه‌تی بکات پێویستییه‌کی حه‌یاتییه. به‌بێ دروستکردنی ئه‌و
ده‌زگایه یان هه‌ر شکڵێکی تری هاوکاریی که گونجاوبێ، گه‌لی کورد
ناتوانێ له هه‌له‌کان سوودی ته‌واو وه‌ربگر‌ێت و له پاراستنی
ده‌سکه‌وته‌کانیش دا تووشی کێشه ئه‌بێت.
بۆیه لێره‌وه له کۆنفرانسی یه‌که‌می سپای رزگاریی
کوردستانه‌وه، ئێمه داوا له هێزه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریی
خوازی کوردستان ئه‌که‌ین، بۆ ئه‌م کاره هه‌نگاو هه‌ڵگرنه‌وه.
****
www.spayrzgari.com
E-mail: sr.kurdistan@gmail.com